لەکاتی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە لەساڵی ۱۹۲۳ پرسی کورد لەتورکیا یەکیک لەگرنگترین و سەرەکیترین گرفتەکان لەگۆڕەپانی رامیاری تورکیادا هەژمار دەکرێت. دوای رووخانی ئۆسمانی سەرهەڵدانی زۆر لەناوچە جیاوازەکانی کوردستانی تورکیا لەرۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا رووی دا. لەوانە سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران لەساڵی ۱۹۲۵، ئێحسان نووری پاشا لەساڵی ۱۹۳۰ و سەید رزا لەدێرسێم لەساڵی ۱۹۳۵ بوو.
هەروەها بەدرێژایی چەندین دەیە لەرووخانی ئۆسمانی گرووپ و پارت و رێکخراوە تێکۆشەر و چەپەکان لەنێوان کوردانی تورکیادا سەریان هەڵدا. کۆمەڵەی خۆێبوون، سەربەخۆیی کوردستان. ماڵی چاندی رۆژهەڵات. پارتی سوسیالیستی کوردستانی تورکیا، پارتی دێمۆکراتی کوردستانی تورکیا (باڵی بارزانییەکان لەتورکیا)، پارتی رزگاری نەتەوەیی کوردستان، و … هەندێک لەو پارت و رێکخراوانە بوون. لەدەیەی حەفتا توندترین و توندڕەوترین گرووپی کوردی لەمێژووی هاوچەرخی تورکیا واتە پەکەکە سەری هەڵدا.
عەبدۆڵا ئۆجالان و هەندێک لە هەڤاڵانی وەک: کەمال پیر، جەمیل بایک، مەزڵووم دۆغان، محەمەد خێری دورموش و حەقی قەرار لەگەڕەکی تۆزلو چایر لەئەنکەرە لەبەرواری ۲۱ی ئاداری ۱۹۷۴ یەکەمین کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد و لەوێ بڕیار درا کە گرووپێکی شۆڕشگێڕ پێکبێت.
دانیشتنی دووەمی ئەم گروپە لەگەڕەکی دیکمەنی ئەنکەرە لەساڵی ۱۹۷۶ بەڕێوە چوو کە تێدا بڕیار درا کە ئەندامانی ئەم گرووپە بگەڕێنەوە بۆ ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا و هەریەک لەشاری خۆی خەباتی رامیاری بکات. ئەم کەسانە لەو ساڵەدا لەناوچە کوردنشینەکانی تورکیا بە نێوی ئاپۆچی چالاکیان دەکرد. (ئاپۆ نازناوی عەبدۆڵا ئۆجالان کەلەکوردیدا بوواتای مامە). لەساڵی ۱۹۷۶ یەکەمین کەسی ئەم گرووپە بە نیوی ئایدین گول لەلایەن چەپە تورکەکانەوە لە دێرسێم کوژرا.
ئەندامانی گرووپ لە ۲۷ی نۆڤەمبەری ۱۹۷۸گوندی فیس سەر بە لیجەی ئامەد دانیشتنێکیان بە ئامادە بوونی ۲۳ کەس بەڕێوە برد و تێدا پارتی کرێکارانی کوردستانیان لەسەر بنەمای هزری مارکسیزم لنینیزم دامەزراند. لەم کۆبوونەوەدا ۷ کەس وەک ئەندامی ناوەندی پەکەکە هەڵبژێردران کە ئەمانە بوون: عەبدۆڵا ئۆجالان، جەمیل بایک، شاهین دۆنمەز، محەمەد کاراسۆنگۆر، حەقی قەرار، مەزڵووم دۆغان، محەمەد خەیری دۆرمۆش.
جەمیل باییک
کەمل پیر کە وەک نێزیکترین کەس بە ئۆجالان دەناسرا و دوای ئەو دووەمین کەس و سەرۆک هەژمار دەکرا لەساڵی ۱۹۷۹ لەشاری ئالازیخ لەگەڵ مەزڵووم دۆغان و محەمەد خێری دۆرموش لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە دەستگیر و بران بۆ گرتووخانەی ئامەد. لە ۲۱ ئاداری ۱۹۸۲ (یەکەمین نەورۆژ) مەزڵووم دۆغان خۆی سووتاند و کوژرا. کەمال پیر و محەمەد خێری دۆرمووش لە ۱۴ی ژوولای ۱۹۸۲ لەگرتووخانەی ئامەد مانیان لەخواردن گرت و دوای دوو مانگ مردن.
پەکەکە لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای هزری مارکسیزم – لنینیزم دامەزرا بەڵام ئەم گرووپە لەدرێژەدا چالاکییەکانی لەکرداردا لەسەر بنەمای لنینیسیم دوور خستەوە و چووە سەر ڕێباز و شێوازەکانی ستالینزم.
سڕینەو وخاوێن کردنەوەی نێو گرووپ لەدژبەران و سەرکووتی بێ بەزەیانی رەخنەگران، دانانی ئائینی کەسایەتی پەرەستی لەدەورووبەری عەبدۆڵائۆجالان، چاودێری پۆلیسی لەسەر چالاکییەکانی ئەندامانی گرووپ، بوون بە میدیا و راگەیاندن و پرتووکەکانی ئەم گرووپە بوون بە ئامرازێک بۆ پەرەسەندوویی توندوتیژی رامیاری و ملیتاریزم، زاڵبوونی دەسەڵاتی دێکتاتۆری، پاوانخوازی لەسەر گرووپ لەوانە هەنگاو نانی بەرچاوی پەکەکە بوو بەرەو ستالینیزم.
ساڵانی دواتر، زانیاری نهێنی لەبارەی ئەوەی کە میت دەستی هەبووە لەدامەزراندنی پەکەکە و بەکارهێنانی وەک داردەست بڵاو بووەوە. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی سار لەنێوان جەمسەری رۆژئاوا ورۆژهەڵات، تورکیاش لەدەیەی ۷۰ چالاکییە خوێندکاریەکانی دەستی پێکرد کە خەباتی رامیاری خوێندکاری زۆرتر لە سەربنەمای هزری کمۆنیستی و لایەنگری جەمسەری رۆژهەڵات بوو.
لەو کاتەدا کە چالاکییەکان زۆرتر لە زانکۆی ئەنکەرە خڕ ببوەوە دەوڵەتی تورکیا گرفتی ئاسایشی بۆ هاتە پێشەوە. بۆیە میت بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم چالاکییە کمۆنیستیانە و دژە دەوڵەتیانە لەڕێگای تەڤلی کردنی کەسانی چالاکی رامیاری و دزە لەنێو رێکخسنتە خوێندکاریەکان توانی ئامانجەکانیان بەلاڕێدا ببات و هزری کمۆنیستی لەتورکیا شکستی پێ بێنیت.
عەبدۆڵا ئۆجالان لەو کەسانە بوو کە لەساڵی ۱۹۷۴ خوێندکاری زانستە رامیاریەکانی زانکۆی ئەنکەرە و کەسایەتیەکی ناسراوی لایەنگری کمۆنیزم و توندڕەو بوو کە لەژێر چاودێری میتدا بوو.
رەوتە پڕ دزە و بەتواناکەن کە لەپشتی پەردەوەی توندڕەوی و رزگاریخوازی تورکیان بەڕێوە دەبرد توانیان بیرۆکەی خۆیان زاڵ بکەن. کەوتنە ناوی پەکەکە بۆ نێو کرداری چەکداری و تێرۆریستی ئەو تۆزقاڵە هیوایەی کوردانی تورکیاشی لەکیس دا و پەکەکە بە کردەوە توندوتیژیەکانی و تۆقاندن و ترساندن نەتەنیا هیوای کوردانی تورکیا لەناو برد و کردی بە بێ هیوایی بەڵکوو ئەم جووڵەی پەکەکە بەتەواوەتی لەپێناو بەرژەوەندیەکانی کەمالیستەکان و پان تورکیستەکاندا بوو تا ئەوان بتوانن بەم بیانووە کەشێکی ئاسایشی بۆ هەرجۆرە جووڵەی چاکسازی و سڤیلی کوردن بڕەخسێنن و رێگای پێبگرن.
قەڵمبازی چەکدارانە، بەشی جیانەکراوی پەکەکە
پەکەکە لەساڵی ۱۹۸۴ەوە خەباتی چەکداری دەستپێکرد. ئەم گرووپە لەسەرەتاوە لەڕێگای شێواندنی چەمکی پاراستنی رەوا کەڵکی لێ وەرگرت بۆ جووڵاندن و ورووژاندنی رای گشتی لەپێناو قەڵمبازی چەکدارانەی خۆی. فرقەکان و گرووپە تێرۆریستیەکان کە بۆ خۆی ناوەڕۆکی هێرشبەری و شەڕخوازیان هەیە و لە خاڵی بەرانبەری پاراستنی رەوادان لەسەدی هاوچەرخدا چەمکی پاراستنی رەوایان خستۆتە ژێررکێفی خۆیان و لەڕێ لایان داوە و شێواندوویانە و لەپێناو بەرژەوەندیەکانیان بەکاری دێنن.
پڵنگەکانی تامیل لەسریلانکا، شۆڕشگێڕەکانی مارکسیست – لنینیستی فارک لەکۆلۆمبیا و گرووپی ناسراو بە پەکەکە لەو گرووپانەن کە لەڕێگای خراپ بەکارهێنان و شێواندن لەم بوارەی پاراستنی رەوادا هەوڵیان داوە. ئەم گرووپانە لەچەمکی پۆزەتیڤ، پێناسەی کارکردی دووەمیان لەم چەمکە دەرخستووە و ئاژاوگێڕی بە ناڕزایەتی ناودەبەن. شەڕ و خوێنڕشتن وەک پاراستنی رەوا دەخوێننەوە. و وەک گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش،ئەلقاعیدا و هتد پاساو بۆ توندوتیژییەکانیان دێننەوە.
بنەما و کۆڵەکەی پەکەکە لەسەر کۆشتنی مرۆڤەکان دامەزراوە. پیجێکی فەیسبووکی هی پەکەکە لەساڵڕۆژی دەستپێکردنی چالاکی چەکدارانەی پەکەکە و لەزاری جەمیل بایەکە کە یەکێک لەسەرکردەکانی پەکەکەی دەنووسێت:” کاتێک گەڕینەوە بۆ وڵات سواری ئاوتۆباس و تەکسی نەدەبووین و بە پێ هاتۆ چوومان دەکرد تا پارەکە کۆ بکەینەوە دەمانچەیەکی پێ بکڕین و بەو تورکە توندڕەوەکان بکوژین. کاتیک تورکێکمان دەکوشت، دەبووینە خاوەن دووەمین دەمانچە. شۆڕشی باکوور (کوردستانی تورکیا) بەمجۆرە دەستی پێکرد.”
درێژەی هەیە….